زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

کۆڕبەندی نێودەوڵەتی (دەستگرۆییکردنى خاوەن بەرژەوەندییە کشتوکاڵییەکان) لە زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو

2024-04-18

ئەمرۆ پێنجشەممە (١٨ـی نیسانی ٢٠٢٤) لە هۆڵى ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان به‌سه‌رپه‌رشتى (پ.د.فەرھاد قادر) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و بە ئامادوبوونی (د.محەمەد حسین) نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و ھاوکات بەڕێوەبەری دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و(شیماء جمال کوێخا)ڕاوێژکاری وه‌زيرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و (پ.د.عزالدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و (پ.ی.د. یادگار عەلی مەحمود) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و (شادیە حسین) بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان و بەشێک لە ڕاگری کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیان و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران و خاوەن پرۆژە کشتوکاڵی و بازرگانییەکان ئامادەی بوون کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دەستگرۆییکردنى خاوەن بەرژەوەندییە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو.

لەسەرەتایی کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتەیەکی پێشکەشکرد و دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە ئەنجامدانی چالاکییەکی گرنگ و پڕ بایەخی لەم جۆرە لە زانکۆمان و بەدەستھێنانی گرانتێکی نێودەوڵەتی گرنگ ،ھەروەھا دەستخۆشی لەو تیمە کرد کە گرانتەکەیان بەدەستیان ھێناوە، ھەر لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لەوە کرد کە ئەمە بەشێکە لە ستراتیژی زانکۆ بە کرانەوە و شۆربونەوە بۆ نێو کۆمەڵگە و کارکردنی ھاوبەش لەگەڵ سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لەکۆتاییدا ھیوای خواست کە ئەم چالاکییانە بەشێک بن لە چارەسەر بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ئەو بوارەدا خراونەتە ڕوو.

دواتر دکتۆر محەمەد حسێن لە وتەکەیدا باسی لە ستراتیژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد سەبارەت بە گرنگیدانی کارکردن سەبارەت بە ڕیفۆرم و گەشەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان، باسی لەوەکرد کە ئەم پرۆژەییە گرنگیەکی تەواوی ھەیە لای ئەوان و وەکو تەواوکەری کاری وەزارەتی خوێندنی باڵا سەیری دەکەن ،هەروەها سوپاسی زانکۆی گەرمیانی کرد کە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی لەم چەشنەیان بە ئەنجام گەیاندووە و پاڵپشتی پشتگیری وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ دووپات کردنەوە.

لەبەشێکی تری کۆڕبەندەکە (پ.ی.د. ئەسعەد محەمەد) وەکو سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە ووردی باسی لە کۆی پرۆژەکە کرد و ئامانج و مەبەستى کۆڕبەندەکەی خستەڕوو ،لەگەڵ کورتەیەک دەربارەی ڕێکخراوی ئایرێکس و پڕۆژە هاوبەشەکەیان لەگەڵ زانکۆی فلۆریدا.

بەشێکی تری کۆڕبەندەکە تەرخانکرا بۆ پێشکەشکردنی دەرئەنجامەکانی ھەڵسەنگاندنی پێداویستی کۆمەڵگا کە لە لایەن ئەندامانی تیمەکە خرایە ڕوو.

لە بەشی دووەمی کۆڕبەندەکە، پانێڵێکی گفتوگۆ بەڕێوەچوو کە تیایدا نوێنەری زانکۆی فلۆریدا لە ڕێگەی بەرنامەی زووم میتینگ سیمینارێکی پێشکەشکرد لەسەر نەخشەڕیگای نوێکردنەوە و چاککردنی پەروەردەکردنی خوێندکارانی کۆلێجی کشتوکاڵ، باسی لەوەکرد کە چۆن وابکرێت خوێندکار بکرێتە سەنتەر و خاوەن ئەزموون و کارساز بێت لەداھاتوودا.

ھەروەھا باسی لە هەلى كاركردن و هەماهەنگى كردن کرد لە داهاتوودا لەگەڵ زانكۆى فلۆریدا و هاوبەشە نێودەوڵەتيەكانى دیکەی.

بەشی کۆتایی کۆڕبەندەکە تایبەتکرا بە خستنەڕووی پڕۆژەی ڕاھێنانی خوێندکارانی کۆلێجی کشتوکاڵی زانکۆی گەرمیان کە بە سێ تیمی جیاواز بە ووردی باسیان لە پرۆژەکانیان کرد.

بە وتەی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە و خستنەڕووی سیاسەتە پێشنیازکراوەکان کۆتایی بە کۆڕبەندەکە ھات.

جێگەی ئاماژەییە ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی گرانتێکی نێودەوڵەتییە کە لە ڕێکخراوى ئایرێکس بەدەستهاتووە و ئەم ڕێکخراوە فەندی پرۆژەکە دەکات، پرۆژەکە لەنێوان زانکۆى گەرمیان و زانکۆى فلۆریدا/ ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت بەمەبەستى پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێجە کشتوکاڵییەکانى هەرێمى کوردستان/ کۆلێجى کشتوکاڵى زانکۆى گەرمیان بە نمونە، کەماوەی یەک ساڵ ونیو خایاند و بەشی دووەمی پرۆژەکە بەشێوەی کرداری خوێندکارانی کۆلێجی کشتوکال لەماوەی داھاتودا لەشوێنی کار جێبەجێی دەکەن.

پرۆژەکە بەشێکە لە ئەو بڕیارەى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەمەبەستى نوێکردنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بە جۆرێک لەگەڵ پێداویستى کۆمەڵگە و بازاڕى کاردا بگونجێت.

بۆ بينينى ته‌واوى وێنه‌كان كليك له‌م لينكه‌ى خواره‌وه‌ بكه‌

كليك بكه‌

زانکۆی گەرمیان
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647700444084
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2024