زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

هەشتەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی ئاران بەڕێوەچوو

2025-04-29

بەچاودێری سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان، هەشتەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی ئاران لەلایەن بەشی زمانی کوردی کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتەوە، لە هۆڵی (شێروانە) سازکرا.

لە فێستیڤاڵەکەدا کە بەسپۆنسەری ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەڕێوەدەچێت، هەریەکە لە (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجەکانی (پەروەردەی بنەڕەت و زانست) و ژمارەیەک بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندکاران ئامادەبوون، ڕۆژی سێشەممە (٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٥)، بڕگەکانی فێستیڤاڵەکە دەستیپێکرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە وتەیەکدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ڕایگەیاند: ئەم بۆنە فەرهەنگییە، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە دەرخستنی بەهرە ئەدەبییەکانی خوێندکارانمان لە بواری شیعر و چیرۆک.

وتیشی: ئەدەب و کەلتوور بەردی بناغەی شارستانیەتی هەر نەتەوەیەکن، ئەو میللەتەی خاوەنی ئەدەبێکی دەوڵەمەند بێت، خاوەن کولتوورێکی بەهێزیشە، ئێمە لە زانکۆی گەرمیان باوەڕمان وایە کە گەنجان و خوێندکاران سەرچاوەی داهێنان و بیری نوێن، بۆیە پێویستە هاوکار و پاڵپشتیان بین بۆ دەربڕینی بەهرەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) جەختیکردەوە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ، بەڵێن دەدەن پشتگیری تەواوی ئەم جۆرە چالاکییانە بکەن و هەمیشە خزمەتکاری کەلتوور و زانست و پاڵپشتی بەهرەى گەنجەکان بن.

لە ڕۆژی یەکەمی هەشتەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی ئاراندا، شاعیر و ڕۆماننووس (هیوا قادر) میوانی فێستیڤاڵەکەبوو، لەوچوارچێوەیەشدا چەند پارچە شیعرێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و دواتریش ڕێزلێنانی پێشکەشکرا.

وەک نەریتێکی ساڵانەش، لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی (کەسایەتی ئاران) دەبەخشرێتە کەسایەتییەک، بۆ ئەمساڵ (م.ئیبراهیم باجەڵان) نوسەری ناوچەی خانەقین و گەرمیان، ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025